دادگای ئەمریكا بڕیارێكی دژی ترەمپ دەركرد

20.02.2026
جەماوەر نیوز

دادگای باڵای ئەمریکا ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەو وڵاتە دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندوە بە سەپاندنی زنجیرەیەک باجی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. كە ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابورییەکەی پەکخست.
دادگای باڵای ئەمریكا، بە دەنگی شەش دادوەر بەرامبەر سێ دادوەر بڕیاریدا کە یاسای دەسەڵاتە ئابورییە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان (IEEPA) رێگە بە سەرۆک نادات باجی گومرگی بسەپێنێت.
دادوەرەکان ئاماژەیان بەوەکرد، ئەگەر کۆنگرێس مەبەستی بوایە دەسەڵاتێکی لەو شێوەیە بداتە سەرۆکی ئەمریكا، ئەوا بە رونی لە یاساکەدا دەینوسی، وەک چۆن لە یاساکانی دیکەی پەیوەست بە باج کردویەتی.
ڕاگەیەندراوی پەیوەندیدار؛ 
لایخۆیەوە جۆن رۆبێرتس، سەرۆکی دادگای باڵای ئەمریكا وتی، یاسای IEEPA هیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە بۆ باج یان رسوماتی گومرگی.
لەلایەكی دیكەوە برێت کاڤانۆ، یەکێک لەو دادوەرانەی دژی بڕیارەکە بو، هۆشداریدا کە پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو پارەیەی وەک باج لە کۆمپانیاکان وەرگیراوە، "پشێوییەکی گەورە" دروستدەکات.

ئیدارەی ترەمپ سەرەتا ئەم یاسایەی بەکارهێنا بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر مەکسیک، کەنەدا و چین، بە پاساوی کۆنترۆڵکردنی کۆچبەری نایاسایی و مادە هۆشبەرەکان.  دواتریش لیستەکە گۆڕا و بەرفراوان بو، كە زۆربەی وڵاتانی گرتەوە.

بابەتی هاوشێوە