کەنەدا: هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە ترسناکه‌

17.09.2025
جەماوەر نیوز
وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا  ئه‌مڕۆ چوارشەممە هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر شاری غەززە سه‌ركۆنه‌ کرد و هێرشەکەی بە "ترسناک" وەسفی کرد و داوای لە حکومەتی ئیسرائیل کرد پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت.

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" باسی له‌وه‌كردوه‌، "هێرشە زەمینییە نوێیەکەی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەززە ترسناکە و قەیرانی مرۆیی توندتر دەکات و ڕێگری لە ئازادکردنی بارمتەکان دەکات، حکومەتی ئیسرائیل دەبێت پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت".


ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، کەنەدا لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان وەستاوە لە داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و هەمیشەیی و هاوکاری مرۆیی بێسنور و ئازادکردنی هەمو بارمتەکان.

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا باسی له‌وه‌شكردوه‌، "هەڵسەنگاندن" بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات دوای هێرشە "قبوڵنەکراوەکان"ی ئیسرائیل بۆ سەر ده‌وحە کە سەرکردەکانی حەماسیان کردە ئامانج.

ئانیتا ئاناند، وەزیری دەرەوەی کەنەدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هێرشه‌كه‌ی سه‌ر ده‌وحه‌ پێشێلکردنی ئاسمانی قەتەرە لە کاتێکدا قەتەر هەوڵدەدات کار بۆ ئاشتی بکات، وڵاتەکەی ئەو هێرشە بە "قبوڵنەکراو" ناوده‌بات.

ئاناند ئەو لێدوانەی خۆی لەو بارەیەوە خستەڕو کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا کەنەدا پەیڕەوی لە بڕیاری کۆمیسیۆنی ئەوروپا دەکات، کە ڕایگەیاندوە پێشنیاری ڕاگرتنی ڕێوشوێنی پەیوەندیدار بە بازرگانی لە ڕێککەوتنەکەی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ ئیسرائیل دەکات، له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی، "ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ ئیسرائیل هەڵدەسەنگێنین".

کاتێک بە تایبەتی پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا کەنەدا بیر لە سەپاندنی هیچ جۆرە سزایەک دەکاتەوە بەسەر ئیسرائیلدا، وەڵامی دایەوە "ئێمە بەردەوام دەبین لە هەڵسەنگاندنی هەنگاوەکانی داهاتومان".

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ