ئەردۆغان: هەندێک سیاسەتڤانی ئیسرائیلیی کاڵفامی لەخۆدەرچوو باسی ئیسرائیلی گەورە دەکەن

17.09.2025
جەماوەر نیوز
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکیدا کە رۆژی دووشەممە 15-9-2025 لە لووتکەی دەوحە لە قەتەر پێشکێشی کرد، رەخنەی لەوە گرت کە لەم ماوەیەدا زۆر باسی ئیسرائیلی گەورە دەکرێت.

سەرۆککۆماری تورکیا باسی ئەو وڵاتانەی کرد کە دانیان بە فەلەستین ناوە؛ ئەمەی بە هەنگاوێکی ئەرێنی ناوبرد و گوتی: "خوازیار بووین ئەو کارە زووتر بکرایە، بەڵام ئەم هەنگاوانەش ئەگەر بە هێزەوە لە دژی ئیسرائیل پشتیوانییان لێنەکرێت، ئەنجامی نابێت".

ئەردۆغان بە پێویستی زانی لەڕێی دامودەزگا پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکانەوە هەوڵ بدرێت سکاڵا لەسەر ئیسرائیل تۆمار بکرێت و رووبەڕووی دادگە بکرێتەوە.

لەگەڵ پێشڕەوییەکانی ئیسرائیل، بەتایبەتی لە سووریا، پرۆژەی ئیسرائیلی گەورە زوو زوو دەبێتە رۆژەڤ.

ئەردۆغان لەمبارەیەوە گوتی: "لەم دواییانەدا هەندێک سیاسەتڤانی ئیسرائیلیی کاڵفامی لەخۆدەرچوو، بەردەوام باسی گاڵتەجاڕیی ئیسرائیلی گەورە دەکەن. هەوڵی فراوانکردنی داگیرکاریی وڵاتانی دراوسێ لەلایەن ئیسرائیلەوە، نیشانەیەکی روونە بۆ ئەو ئامانجەیان. پەنا بە خوا، جیهانی ئیسلامی خاوەن ئەو بوێری و توانایەیە کە هیوای فراوانکاریی ئیسرائیل لەبار ببات".

ئەردۆغان بە پێویستی زانی هەنگاوی زیاتر بۆ وەستاندنی ئیسرائیل بنرێت و گوتی: "تۆڕی کۆمەڵکوژیی نەتەنیاهوو کە ململانیکەی دۆڕاندووە، ئیدی بارێکی داراییش دەخاتە سەر شانی پشتیوانانی. لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی بۆ سەر قەتەر، ئەوانەی پشتیوانیی ئیسرائیلیش دەکەن، ناچار بوون کاردانەوەیان هەبێت".  

لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد لە رۆژی 8-12-2024ـەوە ئیسرائیل دەستی بە پێشڕەویی زەوینی بۆ ناو خاکی سووریا کرد.

ئیسرائیل پشێوییەکانی باشووری سووریا و بەتایبەتیش پارێزگای سوەیدای وەکو بیانوو بۆ پێشڕەوییەکانی بەکارهێنا.

بەرپرسانی ئیسرائیل ئەو هەنگاوە بە دروست دەزانن و دەڵێن، مەبەست لێی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانیانە.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ