پرۆژه‌ی دانانی هێڵی ئاسن لە کوردستان جێبه‌جێده‌كرێت

10.02.2022
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی شوباتی 2022 مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڤینسنت ڤان هوتن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەوروپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نزیکی کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی ئەڵمانی (دۆیچە بان) کۆبووەوە. نوێنەری کۆمپانیاکە باسی لێکتێگەیشتنیانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ سەرپەرشتیکردنی هێڵی ئاسنین لە هەرێمی کوردستان کردووە.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری کۆمپانیای دۆیچە بان، کورتەیەکی دەربارەی لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکە خستووەتەڕوو "بۆ راوێژ و سەرپەرشتیکردنی هێڵی ئاسنین لە هەرێمی کوردستان."
نوێنەری کۆمپانیا ئەڵمانیەکە ئاماژەی بەوەداوە کە "ئەمە هەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ دەستکردن بەو پڕۆژە گرنگە کە لە چەندین قۆناخ پێکدێت و لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی جیاوازەوە ئەنجامدەدرێت."
لە کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی و نوێنەری کۆمپانیا ئەڵمانییەکە کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، کلێمێنس زێمتنەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر ئامادە بووە. 
مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاندووە، "لە کۆبوونەوەکەدا، جەختمان لە گرنگیی ئەنجامدانی ئەم پڕۆژە گرنگ و ستراتیجییە کردەوە بە ئاراستەی بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان، بەیەکەوەبەستنەوەی شار و ناوچەکان، پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و جیهان."