نێچیرڤان بارزانی دەچێتە بەغدا و پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلا دەكرێتەوە

07.02.2026
جەماوەر نیوز
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی کۆدەبێتەوە؛ ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، یەکلاکردنەوەی هەردوو پۆستی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری عێراقە.
عەباس مووسەوی، راوێژکاری میدیایی نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە کوردستان24ـی راگەیاند: “سبەی یەک شەممە، 08ـی شوباتی 2026، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە”.
بە وتەی مووسەوی، لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران دەکرێت، هاوکات دۆخی ناوخۆی وڵات و پێشهاتەکانی ناوچەکەش دەخرێنە بەر باس.
هاوکات سەرچاوەیەکی باڵا لە چوارچێوەی هەماهەنگی ڕاگەیاندووە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت.
کاندیدی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران (نوری مالکی)یە، بەڵام ئەم کاندیدکردنە ناڕەزایەتی و نیگەرانیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە.
سەبارەت بەم پرسە، مووسەوی جەختی کردەوە: “نوری مالکی نیازی کشانەوەی نییە، چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستێکی روونی هەیە و پێداگرە لەسەر کاندیدەکەی، هەموو ئەو زانیاری و سیناریۆیانەی باس دەکرێن دوورن لە واقیعەوە”.
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە دوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی 2021 و پاش کشانەوەی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمان پێک هێنرا. ئەم هاوپەیمانییە لە لایەنە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی (شیعەکان)، هاوپەیمانیی سەروەری (سوننەکان) و هەردوو پارتی سەرەکیی هەرێمی کوردستان، (پارتی و یەکێتیی ) پێک دێت. ئامانجی سەرەکیی پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییە، کۆتاییهێنان بوو بەو چەقبەستووییە سیاسییەی دوای هەڵبژاردنەکان هاتە ئاراوە و هەروەها پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ بوو لە عێراق.

بابەتی هاوشێوە