کاتی کۆتایی هاتنی جەنگ ڕاگەیەنرا

07.02.2026
جەماوەر نیوز
لە نوێترین پێشهاتدا دەربارەی خوێناویترین جەنگی ئەوروپا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئاشکرای کرد، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فشارێکی زۆر دەکات بۆ ئەوەی کۆتایی بەم جەنگە چوار ساڵەییە بهێنرێت.
بەپێی وتەی زێلێنسکی، واشنتۆن وادەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵی وەک کاتی کۆتاییهاتنی شەڕەکە دیاریکردووە و داوەتی هەردوو شاندی ئۆکرانیا و ڕوسیای کردووە بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو لە فلۆریدا (پێدەچێت لە شاری میامی بێت) کۆببنەوە.
هەرچەندە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا چڕ بوونەتەوە، بەڵام هێشتا کێشە بنەڕەتییەکان وەک گرێکوێرە ماونەتەوە.
خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکان پرسی “خاک”ـە؛ ڕوسیا کە ئێستا ٢٠٪ی خاکی ئۆکرانیای داگیرکردووە، سوورە لەسەر ئەوەی تەواوی ناوچەی دۆنێتسک کۆنتڕۆڵ بکات و هەڕەشەی ئەوە دەکات ئەگەر لە ڕێگەی گفتوگۆوە ئەمەی دەستنەکەوێت، بە هێزی سەربازی دەیکات. لە بەرامبەردا، کێیڤ دەڵێت: هەر سازشێک لەسەر خاک وەک هاندانێک وایە بۆ مۆسکۆ تا لە داهاتوودا دووبارە هێرش بکاتەوە، بۆیە ئامادە نین هیچ ڕێککەوتنێک واژۆ بکەن کە سەروەری خاکەکەیان بخرێتە مەترسییەوە.
یەکێک لە پێشنیارە سەرنجڕاکێشەکانی واشنتۆن بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە، گۆڕینی ئەو ناوچانەی دۆنێتسکە کە ئێستا لەژێر دەستی ئۆکرانیادان بۆ “ناوچەی ئابووری ئازاد”، بە جۆرێک کە هیچ کام لە لایەنەکان دەسەڵاتی سەربازییان تێدا نەبێت.
زێلێنسکی دەڵێت: ئەگەر کار بگاتە ئەوەش، دەبێت یاساکان دادپەروەرانە و جێگەی متمانە بن. جگە لەمە، پرسی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆرۆژیا، کە گەورەترین وێستگەی ئەوروپایە و لەژێر دەستی ڕوسەکانە، هێشتا هیچ لێکتێگەیشتنێکی لەسەر نییە.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدایە کە ڕوسیا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر تۆڕەکانی کارەبای ئۆکرانیا توندتر کردووەتەوە. تەنها لەم شەممەیەی دواییدا، بەهۆی لێدانی دوو وێستگەی گەورەی کارەبا، ئۆکرانیا ناچار بووە داوای هاوکاریی بەپەلە لە پۆڵەندا بکات و کارەبا لە زۆربەی ناوچەکانی ئەو وڵاتە بڕاوە.
زێلێنسکی ڕاشکاوانە پەیامێکی دا بە ئەمریکا و ڕوسیا و وتی: ئۆکرانیا قبوڵ ناکات هیچ ڕێککەوتنێک لە پشت سەری ئەوان و لەسەر حیسابی ئەوان بکرێت.
ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر میامییە؛ ئایا هەفتەی داهاتوو سەرەتای کۆتاییهاتنی جەنگ دەبێت، یان مەرجە قورسەکانی مۆسکۆ و سووربوونی کێیڤ لەسەر خاکەکەی، ئەم هەوڵە دیپلۆماسییەش بێ ئەنجام دەهێڵنەوە؟

بابەتی هاوشێوە