داهاتی سلێمانی به‌ڕێژه‌ی زیاتر لە 52% كه‌میكرد

13.02.2026
جەماوەر نیوز

ماڵپه‌ڕی شه‌فافیه‌ت بڵاویكرده‌وه‌، داهاتی یه‌ك هه‌فته‌ی سلێمانی له‌ رۆژی 7ی (شوبات/2) تاوه‌كو 13ی (شوبات/2)ی 2026، بڕی زیاتر له‌  شه‌ش ملیار و 788 ملیۆن و 819 هه‌زار دیناره‌، كه‌ 70%ی داهاته‌كه‌ش به‌شێوه‌ی نه‌ختینه‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش به‌راورد به‌ هه‌فته‌ی رابردودتر، به‌ڕێژه‌ی زیاتر له‌ 52% كه‌میكردوه‌.
 
ماڵپه‌ڕی شه‌فافیه‌ت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ردو ئیداره‌ی راپه‌ڕین و گه‌رمیان داهاتی یه‌ك هه‌فته‌ی راگه‌یاندوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك  شه‌ش ملیار و 788 ملیۆن و 819 هه‌زار و 537 دینار بوه‌، به‌جۆرێك كه‌ 70% ی داهاته‌كه‌ به‌شێوه‌ی نه‌ختینه‌یه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، چوار ملیار و 776 ملیۆن و 396 هه‌زار و 677 دیناری واتا 70%ی داهاته‌كه‌ به‌ شێوه‌ی نه‌ختینه‌یه‌، بڕی ملیارێك و 896 ملیۆن و 521 هه‌زار و 750 دیناریشی به‌شێوه‌ی چه‌كه‌ كه‌ ده‌كاته‌ رێژه‌ی 28%ی كۆی گشتی داهاتی هه‌فته‌كه‌، هه‌روه‌ها بڕی 115 ملیۆن و 901 هه‌زار و 110 دیناری به‌شێوه‌ی مقاسه‌یه‌ كه‌ رێژه‌ی 2%ی داهاته‌كه‌ پێكده‌هێنێت.

داهاتی هه‌فته‌ی پێشوتری سلێمانی واته‌ رۆژی 31ی (كانونی دوه‌م/1) تاوه‌كو 6ی (شوبات/2)ی 2026، بڕی 14 ملیار و 156 ملیۆن و 627 هه‌زار و 210 دینار بو، به‌مه‌ش رێژه‌ی داهاتی هه‌فته‌ی رابردو به‌ڕێژه‌ی 52.045% كه‌میكردوه‌.

ماڵپه‌ڕی شه‌فافیه‌ت داهاته‌كانی هه‌ر شه‌ش گه‌نجینه‌كه‌ی پارێزگای سلێمانی ئاشكرا ده‌كات كه‌ پێكدێن له‌ 28 وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌ له‌گه‌ڵ 109 به‌ڕێوه‌به‌راتی گشتی و 516 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی، هه‌روه‌ها 781 فه‌رمانگه‌ و چوار هۆبه‌ش له‌خۆ ده‌گرێت.

رۆژی 15ی(كانونی یه‌كه‌م/12)ی 2022 دوای 30 ساڵ، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران هه‌رێمی كوردستان بو به‌خاوه‌نی پڕۆژه‌ی شه‌فافییه‌ت له‌ داهات و خه‌رجی، به‌ڵام تائێستا پڕۆژه‌كه‌ به‌ سه‌رانسه‌ری نه‌كراوه‌

بابەتی هاوشێوە