نەخۆشخانەی دەربەندیخان پزیشکی چاوی نییە

13.02.2026
جەماوەر نیوز
لە قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی کە دانیشتوانەکەی زیاترە لە 56 هەزار کەس، یەک پزیشکی پسپۆڕی چاو هەبووە گوێزراوەتەوە ناوچەیەکی دیکە و ناڕەزایی خەڵکی لێکەوتووەتەوە. بەڕێوەبەری تەندروستی قەزاکە دەڵێت، بەڵێن دراوە پزیکشیان بۆ بنێرن.

ژمارەیەک هاونیشتمانی قەزای دەربەندیخان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزاییەکان دەربڕیوە و دەڵێن: "تەنانەت بۆ پشکنینی چاو بۆ نوێکردنەوە یان دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری دەبێ بچینە نەخۆشخانەکانی کەلار یان سلێمانی".

د. سازان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان گوت: "دابەشکردنی پزیشکەکان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییە، پزیشکمان هەبوو نزیک مانگێک لەمەوبەر گواستنەوەیان بۆ کرد، ئێمەش ناچار هەفتەیەک لەمەوبەر مامەڵەی گواستنەوەمان بۆ کرد".

نزیکەی هەفتەیەکە ئەو قەزایە هیچ پزیشکێکی پسپۆڕی چاوی لێ نییە. بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان گوتی: "ئەمڕۆ بەرپرسانی سەرووی خۆمان بەڵێنیان دا هەفتەی داهاتوو داواکەمان جێبەجێ بکەن بۆ ناردنی پزیشکی پسپۆڕی چاو".

بە گوێرەی دوایین ئاماری سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق، کە لە 20-10-2024 کرا، دانیشتووانی قەزای دەربەندیخان 56 هەزار و 146 کەسە.

بابەتی هاوشێوە