چین کار لەسەر پەرەپێدانی نەوەیەکی نوێی چەکی ئەتۆمی دەکات

21.02.2026
جەماوەر نیوز

ئاژانسەکانی هەواڵگری ئەمریکا پێیان وایە چین کار لەسەر پەرەپێدانی نەوەیەکی نوێی چەکی ئەتۆمی دەکات، و لە ساڵانی دواییدا لانیکەم یەک تاقیکردنەوەی ئەتۆمی نهێنی ئەنجامداوە، ئەمەش بەگوێرەی ئەوەی تۆڕی "سی ئێن ئێن" بڵاویكردەوەتەوە.

سەرچاوە ئاگادارەکان دەربارەی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان بە "سی ئێن ئێن"ـان ڕاگەیاندوە، چین هەوڵدەدات جبەخانە ئەتۆمییەکەی بکاتە پێشکەوتوترین جبەخانە لە ڕوی تەکنەلۆژیاوە لە جیهاندا، و وەبەرهێنانی لە جبەخانەکەیدا کردوە بە شێوەیەک کە وای لێبکات نزیک بێت لەوەی ببێتە ڕکابەری ڕوسیا و ئەمریكا، و شایستەی بکات ببێتە خاوەن توانای تەکنیکی کە مۆسکۆ و واشنتن نەیانبێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردودا ڕایگەیاند کە چین لە حوزەیرانی 2020ـدا تاقیکردنەوەیەکی ئەتۆمی نهێنی لە دامەزراوەی "لۆب نۆر" لە باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە ئەنجامداوە.
پێداچونەوە بەو بەڵگانەی لە کاتی لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکەدا کۆکراونەتەوە، بەرپرسانی ئەمریکای گەیاندوەتە ئەو ئەنجامەی کە تاقیکردنەوەکە بەهۆی هەوڵی چین بوە بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لە نەوەی دوەم، لەگەڵ هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی سیستەمی چەک کە چەندین سەری ئەتۆمی بچوککراوە لە یەک موشەکدا هەڵدەگرن.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردوە کە پەکین چەکی ئەتۆمی خاوەن توانای نزم پەرەپێدەدات کە دەکرێت دژی ئامانجە جوگرافییە نزیکەکان بەکاربهێنرێت، وەک سیناریۆی وەڵامدانەوەی پەکین بۆ هەر هێرشێک لە ئەگەری بڕیاردان بۆ دەستبەسەرداگرتنی دورگەی تایوان.
بەرپرسانی ئەمریکی پێشتر ڕایانگەیاندبو کە چین پێگە ئەتۆمییەکانی بە چڕی فراوان دەکات لەگەڵ گومانکردن لە هەوڵەکانی بۆ بنیاتنانی تەکنەلۆژیای نوێ، و ئێستا پێیان وایە بەڵگە هەیە کە پشتگیری ئەم تیۆرییە دەکات.

چین لە ساڵی 1964ـەوە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە و خێراتر لە هەر دەوڵەتێکی تری جیهان كڵاوەی ئەتۆمی بەرهەمهێناوە، بەڵام ژمارەی ئەو كڵاوە ئەتۆمییانەی هەیەتی زۆر کەمترە لە جبەخانەی ڕوسیا و ویلایەتە یەکگرتوەکان.
پنتاگۆن پێشتر ڕایگەیاندبو کە هەوڵەکانی چین بۆ فراوانکردن و باشترکردنی جبەخانە ئەتۆمییەکەی "ڕەنگە بژاردەی نوێی پێبدات پێش و لە کاتی قەیرانەکان یان ململانێکاندا، و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بۆ مەبەستی زۆرەملێ، لەوانەش ئیستفزازکردنی سەربازی دژی هاوپەیمانان و هاوبەشانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا".

بابەتی هاوشێوە