ڕۆژئاوا ... لە خۆڵەمێشی جەنگەوە بۆ ڕابونی ئەقڵی کوردی
20.02.2026

ڕۆژئاوا ...
لە خۆڵەمێشی جەنگەوە بۆ ڕابونی ئەقڵی کوردی
تانیا تاهیر
لەسەرەتای هێرش و پەلامارەکانی حکومەتەکەی شەرعەوە بەوردی چاودێری دۆخی ڕۆژئاوام دەکرد، وەک کوردێک سەرنجم لەسەر هەموو جوڵەو لێکەوتەکانی بوو، بەیەقینەوە ئەوبڕوایەی لا دروست کردم کە ئەو هێرشە ناڕەوایانەی کرانە سەرخاک و کەرامەتی ڕۆژئاوای کوردستان تەنها داگیرکردنی خاک و هەوڵی سڕینەوەی جەستەیی تاکی کورد نەبون ، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی عەقڵانی بوون بۆ پێناسەکردنەوەی 'بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی' و سەلماندنی ئیرادە و هۆشیاریی نەتەوەیی تاکی کورد . ئەگەر ستەم نەبوایە، ڕەنگە عەقڵی کوردی هێشتا لە چاوەڕوانیی گۆڕانکارییەکی دەرەکیدا بوایە، بەڵام فشاری ستەمکاری وایکرد کورد تێبگات کە تیشکی ناسنامە تەنها لەناو قوڵایی تاریکترین شەوەکاندا دەدرەوشێتەوە.
ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەی ئەو دەستکەوتە مەعنەوییانەی کە لە ناو جەرگەی ململانێکاندا گەشانەوە و بوونە بنەما بۆ گۆڕینی تێڕوانینی تاکی کورد بەرەو مۆدێرنیتەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی. لێرەوە دەمەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە جەوهەریانە بەدەستبخەم؛ ئایا دەکرێت جەنگ و کوشتار ببێتە دەستکەوت ؟ چۆن هەستی نەتەوایەتی سنورە دەستکردەکانی تێکشکاند؟ چۆن سەلمێنرا 'خاک و مرۆڤ' پیرۆزترن لە هەر ئینتمایەکی مەزهەبی و ئایینی..؟ چۆن ئافرەتی کورد بووە کارەکتەری سەرەکی لە بڕیاری سیاسی و سەربازیدا؟
بۆ شرۆڤەکردنی وەڵامی هەریەک لەم پرسیارانە، ئەم وتارە دابەشی سێ تەوەری سەرەکی دەکەین:
یەکەم: هێرش و زوڵم وەک میکانیزمی دروستکردنی هەستی نەتەوایەتی
زۆربەی خوێندنەوە سیاسییەکان هێرش و کوشتار وەک ڕووداوێکی کاتی دەبینن کە کاریگەرییەکی سنوورداری هەیە. بەڵام ئەوەی لە ڕۆژئاوا ڕوویدا، سنووری ڕووداو تێپەڕاند و بووە پڕۆسەیەکی قووڵی نەتەوایەتی و فکری.
ئەم پڕۆسەیە لە ئاستی تاکەوە دەستپێکرد، بەڵام بە خێرایی گەیشتە ئاستی بەکۆمەڵ ، و دواتر کاریگەرییەکانی بۆ ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی گواسترایەوە. لێرەدا، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: چۆن زوڵم دەتوانێت ببێتە هۆکارێک بۆ دروستکردنی هەستی نەتەوایەتی و گۆڕینی سیاسەت؟
لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسییەوە، ستەمکاری ئەگەرچی تا ئاستێکی دیاریکراو دەتوانێت گەلێک سەرکوت بکات، بەڵام کاتێک ستەم دەگاتە لوتکە، دەبێتە هۆی ڕابوونی "هۆشیاریی بوون".
بۆ کوردی ڕۆژئاوا، مەترسیی سڕینەوەی مێژوویی لەلایەن هێزە تاریک پەرستەکانەوە، بوو بەو شۆکە مێژووییەی کە عەقڵی کوردی لە هەموو دنیا لە خەو ڕاپەڕاند. لێرەدا ستەم وەک "سوتەمەنی" بۆ ئیرادە کاری کرد، ئازاری هاوبەش بوو بەو چەسپە نەتەوەییەی کە سنورە دەستکردەکانی تێکشکاند و نیشانیدا کە چارەنوسی کورد لە هەر کوێ بێت، یەک پاکێجی دانەبڕاوە.
بۆیە گرنگترین وەرچەرخان لە ئەزموونی ڕۆژئاوادا، گۆڕینی پێگەی کورد بوو لە "قوربانییەکی بێدەسەڵات"ەوە بۆ "بکەرێکی کارا". ئەمجارە کورد لەبری پەنابردن بۆ شیوەن، مۆدێلێکی نوێی لە بەرگری و بەڕێوەبردن پێشکەش کرد. ئەمە ئەو ڕاستیەی سەلماند نەتەوەیەک لەناو خۆڵەمێشی جەنگدا نەک هەر نامرێت، بەڵکو بە ناسنامەیەکی نوێوە دەست بە فڕین دەکاتەوە.
ئەمە وایکرد ناسنامەی کورد لە پاڵ تاشەبەردی چیاکانەوە بگوازرێتەوە بۆ ناوەندی بڕیارە جیهانییەکان و پەرلەمانەکانی ئەورپا و کۆنگرێسی ئەمەریکا. کۆدەنگی کوردان لە هەموو تەمەنە جیاوازەکانەوە بە هاتنە سەرشەقامەکان و پشتگیری و دەربڕینی هەستی نەتەوایەتی لە ڕێگای سەرجەم پلاتفۆڕمەکانی ئینتەرنێت بو بەبەشێک لەخەباتی مەدەنی سەردەمیانە بۆ ڕەتکردنەوەی ستەم و سەلماندنی یەکڕیزی و داواکردنی مافی نەتەوەیی.
هەروەها ئەو هەوڵە دیپلۆماسی و مەیدانییانەی کە لەوچەند ڕۆژەدا بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان دران، لەو ساتەوەختەدا لەپێگەی بایەخێکی ستراتیژی بێوێنەدا خۆی نواند ، گرنگییەکەی تەنیا لەڕەهەندێکی سۆزداری نەتەوایەتیدا نەبوو، بەڵکو چەند خاڵێکی جەوهەری پێکا:
• کاتێک سەرکردایەتی سیاسی کورد لە باشوور بێ گەڕانەوە بۆ ڕێسا نێودەوڵەتییەکان دەستبەکاربون و هەوڵی دبلۆماسیانەی خۆیان بۆ پشتگیری لە براکوردەکانیان لە ڕۆژئاوا دەردەبڕی، پەیامێکی ڕوون درایە (ئەمریکا، ڕووسیا و وڵاتانی ئەوروپا) کە: کورد کارەکتەرێکی سەربەخۆیە و برا و پشتیوانی یەکن نەک تەنیا پاشکۆی دەوڵەتانی ناوچەکە. هاوکێشەی "تەنیاکەوتنی کورد" ی گۆڕی بۆ "یەکبون و و پێکەوە بون". توانرا ئەو پەیامە بگەیەنن کە هێرش بۆ سەر شێخ مەقسوود یان حەسەکە، تەنیا ڕوبەڕوبونەوەی گروپێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو ڕوبەڕوبونەوەی "ئیرادەی نەتەوەیی" هەموو کوردە. هەروەها لە ڕووی سەربازییشەوە، ئامادەیی بۆ ناردنی هێز یان یەکخستنی سەنگەر لە حەسەکە و دەوروبەری وای کرد، ورەی شەڕڤانان و خەڵکی مەدەنی بەرزبێتەوە هەست بکەن پشتیوانێکی ڕاستەقینەیان هەیە. بەهەموان توانیان ئەو پەیامە بگەیەنن کە برینی قامیشلۆ، ئازارە لە هەولێر و مەهاباد و ئامەد. ئەم هەوڵانە "یەکێتیی ئازار" ی گۆڕی بۆ "یەکێتی نەتەوەیی".
تەوەری دووەم: پێشخستنی نەتەوە بەسەر ئاییندا؛ بە بەڵگەی عەقڵی و شەرعی .
لەفەلسەفەی حوکمڕانی و ژیانی کۆمەڵایەتیدا، "نەتەوە" وەک قەوارەیەکی سروشتی و خودایی، چوارچێوەیەکە کە ئایین لە ناویدا دەژێت. بەبێ بونی نەتەوەیەکی خاوەن کەرامەت و نیشتمانێکی ئارام، هیچ ئایینێک ناتوانێت پەیامە ڕەوشتی و مرۆییەکانی خۆی جێبەجێ بکات. بۆیە زۆرێک لە بیرمەندانی ئیسلامی و نوێخوازەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئایین دژی دەوڵەتی مەدەنی و نەتەوەیی نییە، ئەگەر دادپەروەری تێدا بێت؛ هەروەها لە تێڕوانینی نوێخوازانەی زۆرێک لە زانایانی ئیسلامیدا، چەندین دەق هەن کە دەبنە بنەما بۆ ئەوەی پاراستنی ناسنامە و خاکی نەتەوە لە پێشینە بێت. لێرەدا چەند خاڵێکی سەرەکی دەخەینە ڕوو کە دەسەلمێنن پاراستنی نەتەوە لەپێش ئاینەوەیە :
• قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: "وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ" (ئێمە نەوەی ئادەممان ڕێزدار کردووە). واتا مرۆڤ بەگشتی ڕێز لێگیراوە لای خوای گەورەوە، نەتەوەش کۆمەڵە مرۆڤێکن کە خودا خۆی ویستوویەتی جیاوازبن (لتعارفوا). کەواتە هەرهەوڵێک بۆسڕینەوەی نەتەوەیەک یان چەوساندنەوەی، دژایەتی ڕاستەوخۆی ویستی خودایە. بۆیە مامۆستایانی ئایینی نەتەوەخواز جەخت دەکەنەوە کە "پاراستنی نەتەوە، پاراستنی دینە"، چونکە نەتەوەی بێ ناسنامە، ئایینەکەشی دەبێتە ئامرازی دەستی داگیرکەر، کەواتە پاراستنی کەرامەتی نەتەوەیەک پێشینەی هەیە بەسەر سەپاندنی ئایینزایەکی دیاریکراودا.
• قورئان نەتەوە وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر و پیرۆز دەبینێت کە بۆ ناسینی یەکتر دروستکراون، نەک بۆ سڕینەوەی یەکتر: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا... سورەتی الحجرات: ١٣( واتە: "ئەی خەڵکێنە! ئێمە ئێوەمان لە نێر و مێ دروستکردووە و کردوومانن بە (گەل - نەتەوە) و هۆزی جۆراوجۆر بۆ ئەوەی یەکتر بناسن." بەڵگەی عەقڵی ئەم دەقە پێمان دەڵێت ئەگەر خودا نەتەوەی وەک شوناسێک دیاری کردبێت، کەواتە پاراستنی ئەو شوناسە پاراستنی ویستێکی خوداییە. ئەمە دانپێدانانە بە فرەیی نەتەوەکان (وەک بنەمایەکی خودایی).
• کاتێک پێغەمبەر (د.خ) چوو بۆ مەدینە، پەیماننامەیەکی لەگەڵ جولەکە و هۆزەکاندا واژۆ کرد کە ناونرا "بەڵگەنامەی مەدینە" (وەثیقە المدینە) لەوێدا دەستەواژەی "ئوممە/گەل" ی بەکارهێنا لەسەر بنەمای زەوی و نیشتمان، نەک ئایین. ئەمە دەسەلمێنێت کە "هاوڵاتیبوون" لە پێش ئایینەوە بووە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت (بە جیاوازی ئایینەوە) چەسپێنراوە. ئەمە وەک بنەمایەکی شەرعی بۆ "دەوڵەتی هاوڵاتیبون" دەبینرێت. کەواتە پێغەمبەر (د.خ) پێش ئەوەی دەوڵەتێک تەنها بۆمسوڵمانان دابمەزرێنێت، هاوپەیمانییەکی لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی مەدینە (جولەکە و تەنانەت عەرەبە بێبڕواکان) بەست.
• پاراستنی نەتەوە و نیشتمان لە ئاییندا هاوتا و هاوتەریبە لەگەڵ پاراستنی خودی ئایین خۆی. پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت: (مَنْ قُتِلَ دُونَ مَالِهِ فَهُوَ شَهِيدٌ، وَمَنْ قُتِلَ دُونَ أَهْلِهِ فَهُوَ شَهِيدٌ، وَمَنْ قُتِلَ دُونَ دِينِهِ فَهُوَ شَهِيدٌ، وَمَنْ قُتِلَ دُونَ دَمِهِ فَهُوَ شَهِيدٌ" (فەرمودەیەکی ڕاستە - رواه التزمذي. واتە: " هەرکەسێک لە پێناو پاراستنی سامانی، یان خێزان و نەتەوەکەی (أهله)، یان ئایینەکەی، یان خوێنیدا بکوژرێت، ئەوا شەهیدە." لێرەشدا پاراستنی (أهل) کە دەکرێت وەک نەتەوە و گەل لێکبدرێتەوە، خراوەتە ڕیزی شەهادەتەوە.
• کاتێک پێغەمبەر (د.خ) ناچار کرا مەککە بەجێبهێڵێت، بە خەمناکییەوە سەیری شارەکەی کرد و فەرمووی: (ما أطيبَكِ من بلدٍ وأحبَّكِ إليَّ! ولولا أنَّ قومي أخرجوني منكِ ما سكنتُ غيرَكِ" (رواه الترمذي. ئەم فەرمودەیە دەری دەخات کە وابەستەیی بۆ "خاک و نیشتمان" هەستێکی سروشتی و شەرعییە. پاراستنی ئەو خاکەش کە نەتەوەی تێدا نیشتەجێیە، ئەرکێکی ئایینییە چونکە بەبێ خاک، ئایینیش جێبەجێ ناکرێت.
بە کورتی: تێگەیشتنی دروستی ئیسلامی و هەڵوێستی ڕاستەقینەی زانایانی ئایینی نەتەوەخواز، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە نیشتمانپەروەری و پاراستنی کەرامەت، نەک هەر دژی ئایین نین، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاون لە ئیمان و ئەرکی شەریعەت.
تەوەری سێیەم : شۆڕش بە بەشداری کارای ئافرەتان و گۆڕینی هاوکێشە جێندەرییەکان
بەشداریی ئافرەتان وژنان لە کایەی چەکداری و سیاسی و مەدەنی لە پەراوێزەوە بۆ ناوەند تەنها پێویستیەک نەبوو بۆ جەنگ، بەڵکو "شۆڕشێکی مەعریفی" بوو بۆ گۆڕینی هاوکێشە جێندەرییەکان . ئەمە وایکرد تێڕوانینی جیهان بۆ مرۆڤی کورد بگۆڕێت؛ کورد چیتر وەک نەتەوەیەکی خێڵەکی نابینرێت، بەڵکو وەک نەتەوەیەکی پێشکەوتنخواز کە مۆدێلی "ژن، ژیان، ئازادی" پێشکەش بە مرۆڤایەتی دەکات.
بۆیە یەکێک لەقووڵترین ئەنجامەکان، گۆڕینی تێروانینی ڕۆڵی ژنان و ئافرەتان بوو.
لە ڕۆژئاوا لە ڕێگەی تێکشکاندنی ئەو بتە فکرییانەی کە ژنیان وەک "پلە دوو" دەبینی ، ژن وەک ئەکتەری سیاسی و خاوەن بڕیار دەرکەوت، نە وەک قوربانی. لەم ڕوانگەیەوە، ئازادیی ژن دیاری نییە کە پیاو یان دەسەڵات پێی ببەخشێت، بەڵکو مافێکی ئەزەلیە، دەستبەرداربونی مەحاڵە.
بەشداری کارای ژنی کورد سەلماندی کە بەرگری ئەرکێکی ئەخلاقییە، ئەوان نەک تەنیا بۆ پاراستنی خاک، بەڵکو بۆ پاراستنی ناسنامەوهەبونی خۆیان چەکیان هەڵگرت. ئەم بەرگرییە بووە قەڵغانێک بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژییەکان (وەک ئەوەی لە شەنگال ڕوویدا)، و وێنەی ژنی لە "قوربانییەک کە چاوەڕێی ڕزگارکەرە" گۆڕی بۆ "ڕزگارکەرێکی خۆبەخش".
لە کۆمەڵگەیەکدا کە ساڵانێکی درێژ بەدەست عەقڵیەتی پیاوسالاری و خێڵەکییەوە دەیناڵاند، شۆڕش مۆدێلێکی نوێی پێشکەش کرد جیهان بە سەرسامییەوە سەیری ژنانی کوردی دەکرد کە لە یەک کاتدا لە دوو بەرەدا دەجەنگان: بەرەی دژی عەقڵیەتی کۆنەپەرستی و بەرەیەک دژی چەوساندنەوەی نەتەوایەتی بۆیە ئەمڕۆ دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە دڵی ئەم شۆڕشەوە سەرچاوەی گرت، بووەتە ناسنامەیەکی جیهانی بۆ ژنان بەگشتی و ژنی کورد چیتر تەنیا نوێنەرایەتی نەتەوەکەی ناکات، بەڵکو نوێنەرایەتی ئیرادەی هەموو ئەو ژنانە دەکات کە لە جیهاندا بۆ مافەکانیان تێدەکۆشن .

ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە