قەرز بە مووچەخۆرانی هەژماری من دەدرێت

21.02.2026
جەماوەر نیوز
مووچەخۆرانی “هەژماری من” لە بانکی جیهان دەتوانن بە بڕی ١٠ ملیۆن دینار پێداویستی بکڕن
ئەحمەد عەبدولخالق، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی جیهان، لە لێدوانێکی ڕایگەیاند، بانکەکەیان خزمەتگوزارییەکی نوێی بۆ ئەو مووچەخۆرانە کارا کردووە کە لە ڕێگەی “هەژماری من”ـەوە لە بانکی جیهان ناویان تۆمار کردووە.
بەپێی وتەی ئەحمەد عەبدولخالق، مووچەخۆران دەتوانن بە بڕی پێنج مووچە تەمویل بکرێن، بە مەرجێک کۆی بڕەکە لە ١٠ ملیۆن دینار تێنەپەڕێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم تەمویلە بە پارەی کاش نادرێت، بەڵکو تایبەتە بە کڕینی پێداویستیی ناوماڵ، یان وەک بەشێک لە پارەی کڕینی ئۆتۆمبێل، خانوو و زەوی، و  مامەڵەکە بە شێوەی قازانجی ئیسلامی ئەنجام دەدرێت.
لەبارەی ماوەی داناەوەی قەرزەکە، ئەحمەد عەبدولخالق ئەوەی ئاشکراکرد، کە مووچەخۆر دەتوانێت بەپێی ویستی خۆی، پارەکە بە شێوەی قیستی مانگانە لەم سێ ماوەیەدا بۆ بانک بگێڕێتەوە:
١- ماوەی ١٢ مانگ (یەک ساڵ).
٢- ماوەی ٢٤ مانگ (دوو ساڵ).
٣- ماوەی ٣٦ مانگ (سێ ساڵ).
مووچەخۆران دەتوانن بە سێ ڕێگەی جیاواز داواکاری بۆ وەرگرتنی ئەم کارتە پێشکەش بکەن:
سەردانیکردنی یەکێک لە لقەکانی بانکی جیهان.
لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی فەرمیی بانکی جیهان.
لە ڕێگەی وێبسایتی فەرمیی بانکەکەوە.
ئەم خزمەتگوزارییە لە ئێستادا بەردەستە و تەنها ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە مووچەکانیان لەسەر بانکی جیهانە لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری من.

بابەتی هاوشێوە