چوارچێوەی هەماهەنگی چارەنوسی مالیكی یەكلاییدەكەنەوە

22.02.2026
جەماوەر نیوز

زۆربەی ئەندامانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" مەیلیان بۆ کشاندنەوەی کاندیدکردنی مالیكی و ڕێککەوتن لەسەر ناوێکی جێگرەوە هەیە و سودانیش لایەنە سیاسییەکانی ئاگادارکردوەتەوە کە کاندیدکردنی مالیکی ڕوبەڕوی ناڕەزایەتی ناوخۆی و تێبینی سیاسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بوەتەوە، ئەوەش داوایکردوە میکانیزمەکانی هەڵبژاردنی  سەرلەنوێ هەڵبسەنگێنرێتەوە.
وردودرشتی هەواڵ؛
كەناڵی سكانی نیوز عەرەبی لەزاری سەرچاوە عێراقییەکانەوە بڵاویكردەوە، کە "چوارچێوەی هەماهەنگی" ئێوارەی دوشەممە کۆبونەوەیەک ئەنجامدەدات بۆ تاوتوێکردنی پرسی کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ سەرۆکایەتی حکومەت،  ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن زۆربەی ئەندامان مەیلیان بۆ کشاندنەوەی کاندیدکردنی و ڕێککەوتن لەسەر ناوێکی جێگرەوە هەیە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکروە کە هاوپەیمانی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، لایەنە سیاسییەکانی ئاگادارکردوەتەوە کە کاندیدکردنی مالیکی ڕوبەڕوی ناڕەزایەتی لایەنە سەرەکییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بوەتەوە، جگە لە هەبونی تێبینی سیاسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، و داوایکردوە میکانیزمەکانی هەڵبژاردنی کاندید دور لە بەرژەوەندی کەسی سەرلەنوێ هەڵبسەنگێنرێتەوە.

لە لایەکی دیكەوە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بە ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران، سەرۆکایەتی کۆبونەوەیەکی نائاسایی کرد بۆ تاوتوێکردنی دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی ئەمنی، ئەوەش بەپێی بەیاننامەیەک کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردوەتەوە.
بەیاننامەکە ڕونیکردەوە کە کۆبونەوەکە باسی لە گۆڕانکارییە ئەمنییەکان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کردوە، لەگەڵ شیکردنەوەی کاریگەرییە ئەگەرییەکانیان لەسەر گۆڕەپانی عێراق لە سایەی گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییە خێراکاندا. هەروەها جەخت لەسەر پێویستی گرتنەبەری دیدێکی پێشوەختە کرایەوە کە تایبەتمەند بێت بە دانایی و نەرمی، و هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و پاراستنی سەقامگیریدا بکات.

ئەوە لەكاتێكدایە كە چوارچێوەی هەماهەنگی، شەوی 24ـی مانگی ڕابردو كاندیدكردنی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەفەرمی ڕاگەیاند. هەروەها داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران کرد "دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەپێی کاتە دەستورییەکان ئەنجامبدات".
بەڵام  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە كۆتاییەكانی مانگی ڕابردو ڕایگەیاند، دوبارە دەستنیشانکردنەوەی نوری مالیکی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق بژاردەیەکی زۆر خراپە و ئەو كارە بكەن ئەوا "ئەمریکا چیتر یارمەتیی عێراق نادات، بەوەش عێراق هیچ چانسێکی بۆ سەرکەوتن، گەشەسەندن یان ئازادی نابێت".

بابەتی هاوشێوە