ئێران: رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا نزیکە

24.02.2026
جەماوەر نیوز
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە زنجیرە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، تێڕوانینی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جنێڤ خستەڕوو، جەختی لەسەر پێویستیی گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە کردەوە.

رێککەوتن لە کورتترین کاتدا

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، بە پشتبەستن بەو لێکتێگەیشتنانەی لە خولی رابردوودا بەدەستهاتوون، ئێران دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا لە جنێڤ دەستپێدەکاتەوە.

عێراقچی گوتی، "ئێمە بە ویستێكی بەهێزەوە دەچینە نێو دانوستاندنەکان بۆ بەدەستهێنانی رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ، ئەوەش لە کورتترین کاتی گونجاودا."

هێڵە سوورەکانی تاران؛ مافی تەکنەلۆژیا

عێراقچی بە روونی باسی لە بنەما نەگۆڕەکانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، "باوەڕە بنەڕەتییەکانی ئێمە وەک رۆژ روونن. ئێران لە هیچ دۆخێکدا هەرگیز پەرە بە چەکی ئەتۆمی نادات."

بەڵام هاوکات گوتی، ئێرانییەکان هەرگیز دەستبەرداری مافی خۆیان لە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی ئاشتییانە بۆ گەلەکەیان نابن.

"دەرفەتێکی مێژوویی و مەرجی دیپلۆماسی"

بە گوتەی عێراقچی، ئێستا دەرفەتێکی مێژوویی هاتووەتە پێش بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی بێوێنە، کە نیگەرانییەکانی هەردوولا بڕەوێنێتەوە و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەدیبهێنێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کردووە، "رێککەوتن نزیکە و دەکرێت پێی بگەین، بەڵام تەنیا بەو مەرجەی خاڵی لەپێشینەی تەواو بدرێت بە رێگەی دیپلۆماسی."

بوێری لەسەر مێزی دانوستاندن

عێراقچی ئاماژەی بەوە کردووە، ئێران پێشتر سەلماندوویەتی بە بوێرییەوە پارێزگاری لە سەروەریی خاکی خۆی دەکات و لە هیچ شتێک سڵ ناکاتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیرەکەی ئێران ئەوەی خستووەتەڕوو، "هەمان ئەو بوێرییە دەهێنینە سەر مێزی دانوستاندن و هەوڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ هەموو جیاوازییەکان دەدەین."

ئەم لێدوانانەی عێراقچی لە کاتێکدایە، هەموو چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەکانی نێوان شاندەکانی هەردوولان، بۆئەوەی بزانرێت ئایا ئیدارەی ترەمپ و تاران دەتوانن کۆتایی بە چەندین ساڵ گرژیی ئەتۆمی بهێنن یان نا.

بابەتی هاوشێوە