کوردستان بە ئاڵای خۆیەوە دەچێتە نێو فیدراسیۆنێکی جیهانییەوە

27.02.2026
جەماوەر نیوز
دەستکەوتێکی مێژوویی بۆ وەرزشی هەرێم؛ کوردستان بە ئاڵای خۆیەوە دەچێتە نێو فیدراسیۆنێکی جیهانییەوە
وەرزشی کوردستان هەنگاوێکی گەورەی بەرەو جیهانیبوون نا؛ بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی کوردستان بە فەرمی ڕایگەیاند، کوردستان بووەتە ئەندامی فەرمی لە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێی بچووککراوە (Minifootball). لەمەودوا هەڵبژاردەی کوردستان دەتوانێت لەژێر ئاڵای پیرۆزی کوردستان و بەناوی خۆیەوە، بەشداری لە جام و پاڵەوانێتییە جیهانییەکاندا بکات.
ئەم بڕیارە مێژووییەی فیدراسیۆنی جیهانی دوای ئەوە هات کە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوودا، بە چاودێری و ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جامی جیهانی تۆپی پێی بچووککراوەی ئافرەتان بە سەرکەوتووییەکی گەورە لە هەولێر بەڕێوەچوو.
بە ئەندامبوونی کوردستان لەم فیدراسیۆنەدا، دەرفەتێکی زێڕین بۆ وەرزشوانانی کورد دەڕەخسێت تاوەکو لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکاندا هاوشێوەی هەڵبژاردەی وڵاتانی جیهان ڕکابەری بکەن. ئەمە نەک هەر دەستکەوتێکی وەرزشییە، بەڵکو هەنگاوێکی گرنگیشە بۆ ناساندنی ناوی کوردستان لە ڕێگەی وەرزشەوە.
جێی باسە، لە ٢٢ی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو، یاریی کۆتایی مۆندیالی تۆپی پێی بچووککراوەی خانمان لە هەولێر ئەنجامدرا، کە تێیدا خانمانی میسر توانییان بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان لە خانمانی بەڕازیل ببەنەوە و نازناوەکە بەدەستبهێنن. ئەو میواندارییە ناوازەیەی هەولێر بووە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەوەی فیدراسیۆنی جیهانی داواکارییەکەی کوردستان قبووڵ بکات

بابەتی هاوشێوە