عێراقچی: ئێران ئاماده‌یه‌ بۆ نێوه‌ندگیری پاكستان و ئه‌فغانستان

27.02.2026
جەماوەر نیوز

عه‌باس عێراقچی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌مڕۆ هه‌ینی ڕایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه‌ نێوه‌ندگیری بكات له‌ پته‌وكردنی لێكتێگه‌یشتنی نێوان پاكستان و ئه‌فغانستان و راگرتنی شه‌ڕی نێوانیان، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و پێكدادانه‌ سنورییه‌ی كه‌ له‌ شه‌وی ڕابردوه‌وه‌ له‌ نێوان هه‌ردو وڵات ده‌ستیپێكردوه‌.
عه‌باس عێراقچی ڕایگه‌یاند، كۆماری ئیسلامی ئێران ئاماده‌یه‌ یارمه‌تی ئاسانكاری وتوێژ و به‌ره‌وپێشبردنی لێكتێگه‌یشتن له‌ نێوان ئه‌فغانستان و پاكستان بدات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "به‌بۆنه‌ی مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زان كه‌ مانگی خۆگرتن و پته‌وكردنی یه‌كڕیزییه‌ له‌ جیهانی ئیسلامیدا، له‌ هه‌موی گونجاوتره‌ ئه‌فغانستان و پاكستان به‌ دراوسێیه‌تییه‌كی باش و دیالۆگ ناكۆكیه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن".
شه‌وی ڕابردو وه‌زاره‌تی ڕاگه‌یاندنی پاكستان ڕایگه‌یاند كه‌ هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر وه‌ڵامی هێرشه‌كانیان داوه‌ته‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانی ئه‌فغانستان به‌درێژایی سنوری هه‌ردو وڵات ده‌ستیانپێكردوه‌ و له‌و روه‌شه‌وه‌، هێزه‌كانی پاكستان زیانێكی زۆریان له‌ لایه‌نی ئه‌فغانستان گه‌یاندوه‌.
ئه‌فغانستان شه‌وی رابردو ڕایگه‌یاند، ئۆپه‌راسیۆنی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی به‌رفراوان له‌دژی پێگه‌كانی هێزه‌كانی پاكستان ده‌ستپێده‌كات، ئه‌مه‌ش دوای هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی پاكستان بۆسه‌ر پارێزگاكانی ئه‌فغانستان.

بابەتی هاوشێوە