گەلف کیستۆن بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی کوردستان ڕاگرت

02.03.2026
جەماوەر نیوز
کۆمپانیای گەلف کیستۆن، کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکات، ڕایگەیاند، بە مەبەستی پاراستنی کارمەندەکانیان و بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە، بە شێوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کێڵگەکاندا ڕاگرتووە.
ئەم بڕیارە دوای هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دێت، کە تاران بە بۆردومانکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و وڵاتانی کەنداو وەڵامی دانەوە، هاوکات گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش چەندین هێرشیان لە ڕێگەی فڕۆکەی بۆمبڕێژکراوەوە کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان.
کۆمپانیای گەلف کیستۆن ڕایگەیاند، بە وردی چاودێریی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە دەکەن، بۆیە هەموو کارەکانیان وەستاندووە تاوەکو بە تەواوی لە سەلامەتیی شوێنەکە دڵنیا دەبنەوە.
کۆمپانیاکە ئاماژە بەوەشدەدات کە تا ئێستا هیچ زیانێک بەر کێڵگە نەوتییەکان نەکەوتووە و تەنیا مەبەستیان گرتنەبەری ڕێکاری پێویستە بۆ پاراستنی گیانی سەرجەم کارمەندەکانیان.
گەلف کیستۆن جەخت دەکاتەوە کە بەردەوام دەبن لە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و لە کاتی هەر پێشهاتێکی نوێدا، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەزوویی لە وردەکاریی زیاتر ئاگادار دەکەنەوە.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ