عێراق ئامادەیە غازی شل بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات

06.03.2026
جەماوەر نیوز
وەزارەتی نەوتی عێراق دڵنیایی لە غای ماڵان دەدات و دەڵێت”خەزێنەی پێویستی غازمان هەیە و هاوکاری هەرێمی کوردستانیش دەکەین”
وەزارەتی نەوتی عێراق دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییان کە بڕی پێویست لە غازی شل (LPG) بۆ مانگەکانی داهاتوو لەبەردەستدایە و ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ ناردنی غاز بۆ هەرێمی کوردستان.
عیزەت سابیر ئیسماعیل، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری غاز، لە میانی سەردانێکیدا بۆ کۆمپانیای گشتیی پڕکردنەوە و خزمەتگوزاریی غاز ڕایگەیاند، عێراق خاوەنی بڕێکی پێویست لە غازی شلە کە بەشی پێداویستی ناوخۆ بۆ چەند مانگی داهاتوو دەکات.
عیزەت سابیر دڵنیایی دەدات کە بەردەوامی بەرهەمهێنان وادەکات گرفتی غاز نەبێت، و کارمەندانی کۆمپانیاکە بە شێوەیەکی ئاسایی و بە چڕی (٢٤ کاتژمێری) کار دەکەن بۆ دابینکردنی غازی چێشتخانە و گەیاندنی بە هاوڵاتییان.
ڕوونیشیکردەوە، کە غازی پێویست بۆ وێستگەکانی ئۆتۆمبێل، کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکان، و کەرتە پیشەسازی و بازرگانییەکان لە هەموو پارێزگاکان بەردەستە.
بریکاری وەزارەت ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی نەوت ئامادەیە “دەستی هاوکاری” بۆ هەرێمی کوردستان درێژ بکات و بڕی پێویست لە غازی شلی بۆ دابین بکات بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوچەکە.
لە کۆتاییدا، عیزەت سابیر داوای لە کۆمپانیاکانی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان کرد کە بەردەوام بن لە چاودێریکردنی بازاڕ و پرۆسەی دابەشکردن، تاوەکو دڵنیابن لەوەی غاز بەبێ گرفت دەگاتە دەستی هەموو هاوڵاتییان لە سەرتاسەری وڵات.



بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ