کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئیتیحاد گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێدەکاتەوە

06.03.2026
جەماوەر نیوز

کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئیتیحادی ئیماڕات دەستپێکردنەوەی خشتەیەکی سنورداری گەشتە بازرگانییەکانی لە ئەمڕۆ 6ی (ئازار/3)ـی 2026ـەوە ڕاگەیاند، بە شێوەیەک کە گەشتەکان لە نێوان ئەبوزەبی و چەند شوێنێکی سەرەکیدا دەبن.
وردودرشتی هەواڵ؛
کۆمپانیاکە لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ هەینی دەرچوە، ئاماژەی بەوە کردوە کە ئەو گەشتیارانەی پێشتر حیجزکردنیان هەبوە، لە زوترین کاتدا لەم گەشتانەدا جێگەیان دەکرێتەوە، هەروەها بلیتەکان لە ڕێگەی ماڵپەڕەکەیەوە بەردەستن بۆ فرۆشتن.
کۆمپانیاکە داوای لە گەشتیاران و هاوڵاتیان کردوە نەچن بۆ فڕۆکەخانە مەگەر بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن فڕۆکەوانی ئیتیحادەوە پەیوەندییان پێوە نەکرێت، یان لە حاڵەتی هەبونی حیجزێکی پشتڕاستکراوە لەسەر یەکێک لەم گەشتە نوێیانە.
ئەم بڕیارە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و دوای ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنی گشتگیر بۆ سەلامەتی و ئاسایش دراوە. فڕۆکەوانی ئیتیحاد بەردەوامە لە چاودێریکردنی دۆخەکە لە نزیکەوە، و هیچ گەشتێک ئەنجام نادرێت مەگەر دوای جێبەجێکردنی هەمو پێوەرەکانی سەلامەتی.

بڕیارە بەپێی وتەی کۆمپانیاکە، گەشتەکان بۆ ئەبوزەبی و بەپێچەوانەوە لە ماوەی نێوان 6 بۆ 19ی (ئازار/3) بۆ ئەم شوێنانە بێت؛ ئەحمەد ئاباد، بانکوک، بەنگالۆر، قاهیرە، کۆڵۆمبۆ، دەلهی، فرانکفۆرت، هانۆی، حەیدەر ئاباد، جیددە، کوالالەمپور، لەندەن (هیسڕۆ)، مەدرید، مالی، میلان (ماڵپینسا)، مۆسکۆ (شێریمێتیێڤۆ)، مۆمبای، نیویۆرک (جۆن ئێف کێنیدی)، پاریس، پوکێت، ڕیاز، ڕۆما، سیئۆل (ئینچۆن)، تۆرۆنتۆ، و زیوریخ.

کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئیتیحاد یەکێکە لە دو هێڵە ئاسمانییەکەی ئیماراتە. بارەگای سەرەکییەکەی لە شاری ئەبو زەبیە، لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی زاید. ئەم هێڵە ئاسمانییە لە تشرینی دوەمی 2003 دا دەستی بە کارەکانیکردوە و دوەم گەورەترین هێڵی ئاسمانییە لە ئیمارات لە دوای کۆمپانیای ئیمارات.
ئەم کۆمپانیایە بەشێوەیەكی گشتی زیاتر لە هەزار گەشت لە هەفتەیەکدا ئەنجامدەدات بۆ زیاتر لە 120 شوێنی گەشتیاری و بارهەڵگر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا، ئەوروپا، ئاسیا، ئوسترالیا و ئەمریکای باکور، ئەمەش لەرێگەی پۆلێک فڕۆکەوە کە لە 107 فڕۆکەی ئەیرباس و بۆینگ پێکهاتوە.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ