حزبەكانی ڕۆژهەڵات شەڕ دژی تاران ڕەتدەکەنەوە

06.03.2026
جەماوەر نیوز

كەناڵی "العربیە" بڵاویكردەوە، پارتە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان، بەشداریكردن لە شەڕی دژی ڕژێمی تاران ڕەتدەکەنەوە، ئەوەش دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی ئامادەكاری كورد بۆ بەشداریکردن لە شەڕی دژی ئێران هات لە ئاژانسە جیهانییەكانەوە.

هەیسەم ئەحمەد، پەیامنێری كەناڵی "العربیە"ی سعودی لە هەولێر لەمیانی پەخشی ڕاستەوخۆی كەناڵەكەدا ڕایگەیاند،  پارتە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەکان (کوردەکانی ئێران) کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، ڕایانگەیاندوە کە نایانەوێت تێوەبگلێن یان ببنە لایەنێک لەو جەنگ و ململانێیەو کە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە. 
ئەوان جەختیان کردوەتەوە کە نایانەوێت خاکی هەرێمی کوردستان بۆ هێرشکردنە سەر تاران بەکاربهێنرێت. ئەوە سەرباری ئەوەی لە چەند کاتژمێری ڕابردودا چەندین هێرش بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە سەر بارەگاکانی ئەو حزبانە لە دەوروبەری هەولێر و سلێمانی.

میدیا فەرمییەكانی ئێران ئەمڕۆ هەینی لەزاری عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان، نوێنەری ڕێبەری باڵای ئێران لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بڵاویانكردەوە، فەرماندەکانی سەرجەم هێزە چەکدارەکان لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ستراتیژی و بەرنامە بەرگرییە جۆراوجۆر، باڵادەستیی تەواویان بەسەر ناوچەکە و کەنداودا هەیە؛ لەسەر ئەم بنەمایەش "هاوکێشەیەکی نوێ" لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دروستکراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، "بە دۆستان و برایانمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق ڕادەگەیەنین کە تاوەکو ئێستا تەنیا بنکەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و گروپە جوداییخوازەکان لە هەرێم کراونەتە ئامانج".
ڕاگەیەندراوی پەیوەندیدار؛
لەلایەكی دیكەوە عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان، نوێنەری ڕێبەری باڵای ئێران لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران ئەمڕۆ هەینی هۆشداری توند بە  هەرێمی کوردستان دەدات و دەڵێت، "لە ئەگەری هاتنی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر سنورەکانی ئێران، سەرجەم دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێنە ئامانج".

ئەوە لەكاتێكدایە چەندین میدیای ئەمریکی بڵاویانکردەوە کە ترەمپ پەیوەندی بە سەرکردەکانی  هەرێمی كوردستانی عێراقەوە کردوە بۆ ئەوەی گروپە کوردییەکانی ئێران بتوانن هێرشێکی زەمینی لە ناوخۆی ئێران ئەنجامبدەن .
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاندوە کە پشتگیری لەوە دەکەین کورد هێرش بکاتە سەر ئێران و پێم وایە ئەگەر ئەوان بییانەوێت ئەو کارە بکەن، ئەوا شتێکی زۆر نایاب دەبێت. ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئێران چیتر دامەزراوەی پاراستن و دۆزینەوەی ئاسمانیی (ڕادار) نەماوە".

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ