یەکەم کاروانی ئاوارەکانی عەفرین دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان

08.03.2026
جەماوەر نیوز
بڕیارە سبەی دوو شەممە یەکەم کاروانی ئاوارەکانی عەفرین لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بەرەو زێدی خۆیان بگەڕێنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش شاندێکی حکومی سووریا کە چەند بەرپرسێکی پارێزگای حەلەب و بەڕێوەبەری ناوچەی عەفرینی لەخۆگرتبوو گەیشتنە حەسەکە.
شاندەکە لەگەڵ پارێزگاری حەسەکە کۆبوونەوە و تاوتوێی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمیان کرد کە لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات “هەسەدە” ئەنجام دراوە بە مەبەستی مسۆگەرکردنی گەڕانەوەیەکی ئارام و ڕێکخراو بۆ هاووڵاتییان.
سیامەند عەفرینی، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوا ڕایگەیاند، یەکەم کاروان بەیانی ڕۆژی دوو شەممە کاتژمێر ١٠:٠٠ لە “فولکەی پانۆراما” لە شاری حەسەکە بەڕێدەکەوێت و نزیکەی ٤٠٠ خێزان لەخۆدەگرێت.
 ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانێکی ڕێکخراودایە، کە دەوڵەت سەرپەرشتی دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتی ئەو ئاوارانەی ساڵانێکە لە کەمپەکاندا دەژین، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکاری بەردەوامی هاووڵاتییان کە هەمیشە خوازیاری گەڕانەوە بوون بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ئەم گەڕانەوەیە دوای ئەوە دێت کە ئاوارەکانی عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨ و لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی “چڵە زەیتون” ناچار بوون زێدی خۆیان جێبهێڵن و لەو کاتەوە لە کەمپەکانی شەهبا و شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ لە بارودۆخێکی گوزەرانی زۆر سەختدا ژیانیان بەسەر بردووە

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ