وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران: ئێستا هیچ بوارێك بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئاگربه‌ست نیه‌

09.03.2026
جەماوەر نیوز

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ره‌خنه‌ی توندی ئاڕاسته‌ی واشنتن كرد و ئەگەری گه‌یشتن به‌ ئاگربەستی کەم کردەوە تاوه‌كو ئەوکاتەی هێرشەکان راده‌گیرێت، ده‌شڵێت، وڵاته‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ به‌رگریكردن له‌ خۆی و "ئێران دەبێتە گۆڕستانێک بۆ دوژمنەکانی".

ئیسماعیل به‌قایی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "ئەمریکا هەوڵدەدات بە بیانوی لاوازەوە پاساو بۆ هێرشەکەی بهێنێتەوە، هیچ هۆکارێک و پاساوێک بۆ شەڕەکە نییە جگە لەوه‌ی ده‌یانه‌وێت دابەشمان بكه‌ن و لاوازمان بكه‌ن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئێران دەبێتە گۆڕستانێک بۆ دوژمنەکانی، گومانی تێدا نییە کە ئەمریکا هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە نەوتییەکانی ئێران دەدات و ئامانجی لاوازکردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەو وڵاتەیە".

به‌قایی وتیشی، "هەمو هەوڵەکان لەسەر ڕوبەڕوبونەوەی دەستدرێژیی ئەمریکا و ئیسرائیل چڕ دەبنەوە، ئێستا هه‌مو یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌هۆی ئه‌و شتانه‌ی له‌ وڵاتدا روده‌ده‌ن له‌ مه‌ترسیدان".

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری ئاگربەست، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران وتی، "تاوه‌كو هێرشەکان بەردەوام بن، هیچ سودێکی نییە جگە لە بەرگریکردن و وەڵامدانەوەی دوژمنان قسە لەسەر هیچ شتێک بکرێت".

ئیسماعیل به‌قایی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، دەستێوەردانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئاژاوە و ناسەقامگیری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێنایە ئاراوە، هاوكات ره‌تیكرده‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی ئازەربایجان یان تورکیا بکاتە ئامانج و جەختی لەسەر پەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پەیوەندی باش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

به‌گوێره‌ی وته‌ی به‌قایی، قوبرس رونیكردوه‌ته‌وه‌ ئه‌و موشه‌كه‌ی كه‌ یه‌كێك له‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌سه‌ر خاكی ئه‌و وڵاته‌ كردوه‌ته‌ ئامانج له‌ ئێرانه‌وه‌ نه‌هاتوه‌ و له‌ ناوچه‌یه‌كی دیكه‌وه‌ ئاڕاسته‌ كراوه‌.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران داوای لە وڵاتانی دراوسێ کرد "پەلە نەکەن لە هەڵوێست وەرگرتن و بڕیاردان"، لەگەڵ ئەوەشدا دوپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی هەر شوێنێک کە هێرش بۆ سەر خاکی ئێران لێوە دەستپێبکرێت، دەیکاتە ئامانج.

به‌قایی هەروەها وڵاتانی ئەوروپای تۆمەتبارکرد بەوەی کە هاوکارن بۆ دروستکردنی کەشێکی لەبار بۆ شەڕ.

ئەو لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و ئیسرائیل دڵنیاییان داوه‌ له‌وه‌ی "ئۆپەراسیۆنی سەربازی" بۆ چەند هەفتەیەکی دیکە بەردەوام دەبێت، هاوکات هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە مەترسی پەرەسەندنی ململانێکان توندتر بون.

هاوکات هێزەکانی ئێران و بەتایبەتی سوپای پاسداران ئیرادەی خۆیان بۆ درێژەدان بە ڕوبەڕوبونەوەکە دوپاتکردەوە، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەی شەش مانگیش بخایەنێت.

بابەتی هاوشێوە