شەپۆلی بەهێزی بارانبارینی بە لێزمە و هەورە بروسکە دەستپێدەکات

18.03.2026
جەماوەر نیوز
بارانبارین لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە، بە وتەی کەشناسێکی کوردیش، لەم شەپۆلەدا بارانی بە لێزمە و هەورە بروسکە سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە.
ئاراس جەبار، شارەزا لە بواری کەشناسی بڵاویکردەوە: سبەینێ پێنجشەممە، لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی قوڵ لە هەردوو دەریای سوور و ناوەراستەوە شەپۆلێکی بەخوڕی بارانبارین سەرجەم ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە سەرەتاش لە کاتەکانی بەیانیەوە کاریگەری ئەم شەپۆلە لەناوچەکانی پارێزگای ئەنبار و بەگشتی رۆژئاوای عێراق دەستپێدەکات پاشان لەکاتەکانی دوای نیوەرۆدا ناوچەکانی ناوەراست و باشوری عێراق دەگرێتەوە.
بە وتەی ئەو کەشناسە کوردە، تێپەربوونی کات لە ئێوارەوە بۆ کاتەکانی شەو، بارانبارین سەرتاسەری ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە کە بۆ سەرجەم ناوچەکانمان کاریگەری بەهێزەبێت و لێزمە بارانی بەخوڕ و بەردەوامی دەبێت، لەگەڵ چالاکبوونی هەورە بروسکەش لە هەندێک کاتدا و چالاکبوونی بای باشووری رۆژهەڵات بەخێرای 15-30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
ئەوەشی وتووە: بۆ رۆژی هەینی یەکەم رۆژی جەژنی پیرۆزی رەمەزان، کاریگەری ئەم شەپۆلە بە بەهێزی لەسەر ناوچەکانمان بەردەوامی دەبێت بە تاوە بارانی بەخوڕی پچر پچر لەگەڵ زیادبوونی رێژەی هەورە بروسکە و بارینی تەرزەش لە هەندێ کات و شوێندا و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، پلەکانی گەرماش پێنج تا شەش پلە نزمدەبنەوە و لە لوتکەی چیا بەرزەکانیش بەفر دەبارێت.
ئەو کەشناسە کوردە ئەوەشی وەبیر هێناوەتەوە کاریگەری ئەم شەپۆلە بە چەند قۆناغێکی یەک لەدوای یەک پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی مانگ بەردەوامی ببێت کە لە رۆژی شەممە 21ی مانگ، رۆژانە هەورە بروسکە و تاوە تەرزە و بارانی بەخوڕ لەکات و شوێنی جیاجیادا دروست دەبێتەوە بەدرێژایی ئەو ماوەیەش پێشبینی بارینی برێکی زۆری بارانبارین دەکرێت لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵات و باکوور و رۆژئاوای کوردستان، زۆربەی ناوچەکانی عێراق و وڵاتانی دەوروبەریش بارانی زۆر و لافاوی گەورە بەخۆوە دەبینن

بابەتی هاوشێوە