“هەناردەکردنەی نەوتی کەرکووک هەنگاوێکی ستراتیژییە”

18.03.2026
جەماوەر نیوز
کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕایگەیاند دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە ڕێی بەندەری جەیهانەوە هەنگاوێکی سترایژیی و بەرهەمی ڕێککەوتنەکەی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕایگەیاند، دەستکەوتێکی جۆری بەدی هات کە ڕەنگدانەوەی ئیرادە و توانای کادیرانی نیشتمانییە بۆ تێپەڕاندنی سەختییەکان و کێڵگەکانی کەرکووک گەڕانەوەیەکی بەهێزیان بۆ کایەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن تۆمارکرد، ئەویش لەگەڵ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ناردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە، دوای ماوەیەک لە وەستان کە ببووە ئاڵنگارییەکی گەورە لەبەردەم کەرتی نەوتدا.
ڕاشیگەیاند، ئەم پێشکەوتنە گرنگە بەرهەمی ئەو ڕێککەوتنەیە کە لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە، ئەمەش هاوکار بوو لە دووبارە کاراکردنەوەی یەکێک لە دیارترین دەروازە ستراتیژییەکانی هەناردەکردن و بەهێزکردنی سیستەمی هەناردەکردنی نەوتی عێراقدا.
ئەوەشی خستەڕوو کە لەو چوارچێوەیەدا، کۆمپانیای نەوتی باکوور دەستی کردووە بە کارپێکردنی وێستگەی (سارالوو)، وەک ڕاگەیاندنی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جەیهان، بە توانایەکی سەرەتایی کە دەگاتە 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش هەنگاوێکە و ڕەنگدانەوەی یەکخستنی هەوڵەکانی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نیشتمانییە هاوبەشەکان.
ڕاشیگەیاند، ئەم گەڕانەوەیە تەنها دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی هەناردەکردن نییە، بەڵکو بەرجەستەکردنی سەرکەوتنێکی تەکنیکی و کارگێڕییە کە گوزارشت لە قەبارەی هەوڵە مەیدانی و ئەندازیارییەکان دەکات کە لەلایەن کادیرانی نیشتمانییەوە دراون، بۆ زامنکردنی ئامادەیی ژێرخان و بەردەوامی پڕۆسەکان بە کاراییەکی بەرز.
کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕاشیگەیاند، ئەم هەنگاوە ستراتیژییە جەخت لەسەر ڕۆڵی سەرەکی کێڵگەکانی کەرکووک دەکاتەوە لە پاڵپشتیکردنی ئابووری نیشتمانی و سەقامگیری بازاڕی نەوت، تاوەکو جارێکی تر بسەلمێنرێت کە ئاڵنگارییەکان هەرچەندە گەورە بن، ناتوانن لەبەردەم پێداگری و سووربوونی کارمەندانی ئەم کەرتە زیندووەدا بوەستن، کە بە گیانی یەک تیم بەردەوامن لە کارکردن بۆ بەدیهێنانی دەستکەوتەکان و خزمەتکردنی عێراق.

بابەتی هاوشێوە