وەزارەتی ناوخۆی عێراق هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و دەزگاکانی راگەیاندن

18.03.2026
جەماوەر نیوز
وەزارەتی ناوخۆی عێراق کۆمەڵێک رێنمایی و رێکاری نوێی ئەمنی بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات راگەیاند، تێیدا هۆشداریی توند دەداتە هاووڵاتییان و دەزگاکانی راگەیاندن کە لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ئەو شوێنانەی دەکرێنە ئامانج دووربکەونەوە، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە.
رۆژی 18ی ئاداری 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە ئاراستەی رای گشتی و دەزگاکانی راگەیاندنی کردووە، رایگەیاند: "ئاسایشی عێراق بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و پابەندبوون بە یاسا تەنیا رێگەیە بۆ رێگریکردن لە تێکدەران." وەزارەتەکە داوا لە هەمووان دەکات بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە مامەڵە لەگەڵ روداوەکاندا بکەن.
لە بەیاننامەکەدا وەزارەتی ناوخۆ جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکاتەوە:
1- بە هەموو شێوەیەک بڵاوکردنەوە یان دەستاودەستکردنی ڤیدیۆ و وێنەی ئەو شوێنانەی دەکرێنە ئامانج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەخەیە، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی ئاشکراکردنی پێگە هەستیارەکان و خزمەت بە لایەنە نەیارەکان دەکات.
2- پێویستە هاووڵاتییان لەو شوێنانەی رووداوەکانیان تێدا روودەدات نزیک نەکەونەوە، ئەوەش لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی خۆیان و رەخساندنی دەرفەت بۆ هێزە ئەمنییەکان تاوەکو ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.
3- پێویستە دەزگاکانی راگەیاندن وردبن لە گواستنەوەی هەواڵەکان و خۆیان بەدوور بگرن لە بڵاوکردنەوەی وردەکاریی شوێن و "کۆردیناتی" رووداوەکان؛ هەر دەزگایەک سەرپێچی بکات رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی توند دەبێتەوە.
4- داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت لە رێگەی پەیوەندیکردن بە هێڵی گەرمی (911)ەوە، وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداربکەنەوە لە هەر بڵاوکراوە و ڤیدیۆیەک کە سەرپێچیی ئەم رێنماییانە دەکات، وەزارەت جەختیش دەکاتەوە، ناسنامەی پەیوەندیکەر بە نهێنی دەمێنێتەوە.
5- بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە زانیارییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری، بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم بابەتە دەکات و رێکاری یاسایی بەرانبەر هەموو سەرپێچیکاران دەگرێتەبەر.

بابەتی هاوشێوە