بەهۆی ڕێککەوتنی عێراق و هه‌رێم، نرخی نەوت زیاتر له‌ دو دۆلارەوە دادەبەزێت

18.03.2026
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک زیاتر لە دو دۆلار دابەزی و بەشێک لە دەستکەوتە بەرچاوەکانی ڕۆژی سێشەممە کەمیکرد، دوای ئەوەی حکومەتی عێراق و هه‌رێمی كوردستان گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، ئەوەش كه‌مێك له‌ نیگەرانییەکانی له‌باره‌ی دابینکردنی نەوت كه‌مكرده‌وه‌.
وردودرشتی هه‌واڵ؛
ئه‌مڕۆ نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی برێنت 2.31 دۆلار واتا به‌ڕێژه‌ی 2.30% دابه‌زی و یه‌ك به‌رمیل گه‌یشته‌ 101.1 دۆلاری ئه‌مریكی، هه‌روه‌ها نرخی نه‌وتی ته‌كساسی ئه‌مریكا 3.23 دۆلار واتا به‌ڕێژه‌ی 3.36% دابه‌زی و یه‌ك به‌رمیل به‌ 92.998 دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت.

بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ نیشانەیەکی کەمبونەوەی شه‌ڕی ئێران نییە، کە هەناردەکردنی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تاڕادەیەکی زۆر وەستاوە، نرخی برێنت بۆ هەر بەرمیلێک لە چوار دانیشتنی پێشوی یەک لە دوای یەکدا لە سەروی 100 دۆلارەوە جێگیر بوە.

مەسرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە نائاساییەی کە ڕوبەڕوی وڵات بوەتەوە و ئەو بەرپرسیارێتییەی کە ئەرکی هەمومانە کار بکەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە، بڕیارمان دا کە لە زوترین کات دا، ڕێگە بدەین نەوت لە ڕێگەی بۆڕی هەرێمی کوردستاندا بڕوات.

ئاماژەی بەوەشكرد، هاوکات لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیش گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بەپەلە ئەو ڕێگرییانەی خراوەتە سەر هاوردە و جوڵەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان هەڵبگیرێن، هەروەها دابینکردنی گەرەنتی بۆ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز تا بتوانن بە سەلامەتی دەست بە بەرهەمهێنان بکەنەوە.
لە دوای داخستی گەروی هورمز لەلایەن ئێران، عێراق داوای لە هەرێمی كوردستان كرد ڕێگەبدان نەوتی كەركوك لەڕێگەی بۆڕی نەوتی كوردستان - توركیاوە هەناردە بكرێت، بەڵام هەرێم مەرجی هەبو، ئەوەش ناكۆكی و ناڕەزایەتی لێكەوتەوە و وەزارەتی سامانەسروشتیەكانی هەرێم و نەوتی بەغدا ڕاگەیەندراویان لەدژی یەك دەكرد، تاكو دواجار دوێنێ هەردولا گەیشتنە ڕێككەوتن.

بابەتی هاوشێوە