هەڵوێستی بەرشەلۆنە بەرانبەر داهاتوی فلیک

18.03.2026
جەماوەر نیوز
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا وردەکاری نوێیان سەبارەت بە داهاتوی هانزی فلیک، بەڕێوەبەری هونەری تیمی بەرشەلۆنە ئاشکرا کرد، کە بڕیارە گرێبەستە ئێستاکەی لە "کامپ نو" لە حوزەیرانی 2027 کۆتایی پێبێت.

هانزی فلیک لە ساڵی 2025 ئەرکی ڕاهێنانی تیپی بەرشەلۆنەی گرتە ئەستۆ و لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ یانەکە، توانی "بارسا" بگەیەنێتە بەدەستهێنانی نازناوەکانی خولی ئیسپانیا (لا لیگا)، جامی شای ئیسپانیا و سوپەری ئیسپانیا.

ڕۆژنامەی "سپۆرت"ی ئیسپانی ئاماژەی بەوە کردوە کە دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی بەرشەلۆنە، شەممەی ڕابردو لە کۆبونەوەیەکی نافەرمیدا لە شارەکە لەگەڵ پینی زەهاڤی، بریکاری کارەکانی فلیک کۆبوەتەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ڕاهێنەرەکە.

بەرشەلۆنە بە تەواوی درک بە کاریگەرییەکانی فلیک لەسەر تیپەکە و توانای ئەو لە دەرهێنانی باشترین ئاستی یاریزانەکان دەکات، هەر بۆیە یانەکە بریکارەکانی ڕاهێنەرەکەی لە ئارەزوی خۆی بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی ئاگادار کردوەتەوە.

پەیوەندی نێوان هەردولا زۆر ئەرێنییە و فلیک لە بەرشەلۆنە هەست بە ئارامی دەکات و پەرۆشە بۆ بەردەوامبون، بەڵام پێیوایە هێشتا زوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر نوێکردنەوەی فەرمی، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە هیچ گومانێک لەسەر داهاتوی نییە و تەنها مەسەلەی کاتە.

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە پینی زەهاڤی ئەمڕۆ لە هۆتێلێک لە ناوەڕاستی بەرشەلۆنە لەگەڵ فلیک بۆ نانی نیوەڕۆ کۆبوەتەوە بۆ هەواڵپرسینی یەکتر. لە میانی قسەکانیاندا باسیان لە دۆخی ڕاهێنەرەکە کردوە و فلیک دوپاتی کردوەتەوە کە لە ئێستادا لەپێشینەی کارەکانی وەرزی ئێستایە و پێی باشە سەرەخۆ بڕوات و هەنگاو بە هەنگاو مامەڵە لەگەڵ کاروبارانە بکات پێش ئەوەی باسی داهاتوی بکات.

ڕۆژنامەکە لە کۆتاییدا نوسیویەتی کە بەرشەلۆنە لە ئەدای فلیک ڕازییە و ئەگەر بە دەست یانەکە بوایە، پرۆسەی نوێکردنەوەکە سبەینێ ئەنجام دەدرا، لە کاتێکدا ڕاهێنەرە ئەڵمانییەکەش هەمان هەستی ئەرێنی هەیە و پەرۆشە بۆ بەردەوامبون، بەڵام مەیلی بۆ ئەوە هەیە کەمێک چاوەڕێ بکات تاوەكو کۆتایی وەرز پێش ئەوەی هیچ هەنگاوێکی کۆتایی بنێت.

جێگەی ئاماژەیە کە لاپۆرتا جارێکی دیکە سەرۆکایەتی یانەکەی یەکلاکردەوە دوای ئەوەی زیاتر لە 68٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، کە ئەمە دەبێتە دوەم خولی سەرۆکایەتی لەسەریەک و چوارەم لە مێژویدا، و بڕیارە بە فەرمی لە مانگی تەمموزی داهاتوەوە دەستپێبکات

بابەتی هاوشێوە