پیرۆزبایى له دایک‌وباوک و خێزان و که‌سوکارى ده‌رچووان و له مامۆستایان و سه‌رۆکایه‌تى و ده‌سته‌ى ئهمیندارنى زانکۆ ده‌که‌م. ئێوه‌ش ئه‌رکێکى گه‌وره و پیرۆزتان به‌جێ گه‌یاند. ماندوو نه‌بن و ده‌ستتان خۆش بێت.
به‌ڕێزان..
ده‌رچوونى پۆلێکى دیکه‌ى گه‌نجانى کوردستان و عێراق، یان له هه‌ر شوێنێکى دیکه‌وه هاتبن، مایه‌ى شانازى و خۆشحاڵییه. ئێوه ده‌رچووانى خۆشه‌ویست، به زانست و زانینى تازه و سه‌رده‌میانه پێگه‌یشتوون. ئێستا ئیتر ئاماده‌ن بۆ قۆناغى دیکه‌ى ژیان که قۆناغى کار و خزمه‌تکردن و به‌شدارى و هاوبه‌شیى کاراتانه له پێشخستنى وڵات و له پێشخستنى کۆمه‌ڵگه‌دا.
وڵات چاوى له ئێوه‌یه که ڕۆڵى خۆتان بگێڕن. هه‌ر یه‌که و له بوارى خۆیدا داهێنان بکه‌ن و به بیر و عه‌قڵى تازه و بنیاتنه‌رانه، ده‌رفه‌تى کار بۆ خۆتان و ده‌روبه‌رتان دروست بکه‌ن. کارى سه‌رکه‌وتوو بکه‌ن بۆ به‌ره‌وپێشبردن و به‌هێزکردن و هه‌مه‌جۆرکردنى ئابوورى.
بیرۆکه و ڕوانگه‌ى سه‌رکه‌وتووى زانستى و پیشه‌یى پێشکه‌ش بکه‌ن، بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ کێشه و قه‌یرانه‌کانى وڵاته‌که‌مان له هه‌موو بواره‌کاندا. بۆ باشترکردنى ئاستى ژیان و کۆمه‌ڵگه و په‌ڕینه‌وه بۆ داهاتوویه‌کى باشتر.
ئێوه ده‌بێ له‌گه‌ڵ هاوکاران و هاوتاکانتان له زانکۆکانى دیکه‌ى کوردستان، له عێراق و جیهان، پێکه‌وه کار و هه‌ماهه‌نگى بکه‌ن. سوود له زانست و زانیاریى یه‌کتر ببینن. به بیرۆکه‌ى داهێنانهرانه و پێشنیار و ڕه‌خنه‌ى بنیاتنه‌رانه، پردێکى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى وڵات‌دا دروست بکه‌ن. به‌شدار و هاوبه‌ش بن له به‌ڕێوه‌بردنێکى باشترى وڵات‌دا، تا هه‌موومان پێکه‌وه بتوانین کوردستانێکى به‌هێزتر و داهاتوویه‌کى باشتر بۆ نه‌وه‌کانمان بنیات بنێین.
ئێوه و نه‌وه‌ى تازه‌ى کوردستان، ده‌بێ ئه‌وپه‌ڕى سوود له ته‌کنه‌لۆژیا و پێشکه‌وتنى زانستیى سه‌رده‌مییانه ببینن. ده‌توانن کارکردن له دووره، له ماڵ، له‌گه‌ڵ کۆمپانیاکان و که‌رتى تایبه‌ت و گشتى له هه‌رێمى کوردستان و عێراق و ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ى وڵاتیش په‌ره‌ى پێبده‌ن و جگه له دۆزینه‌وه‌ى ده‌رفه‌تى کار، له‌و ڕێگه‌یه‌وه ببنه باڵیۆزێکى باش بۆ وڵاته‌که‌تان له جیهاندا.
کار، ئه‌رک و به‌رپرسیاریه‌تییه. ئێوه که ده‌ست به کار ده‌که‌ن، ده‌بێ به‌رپرسانه و به پێى ئیتیکى کار، به شێوه‌یه‌کى پیشه‌یى هه‌موو تواناکانتان بخه‌نه خزمه‌تى کاره‌وه. داهێنانى تێدا بکه‌ن و پێشخستن و سه‌رکه‌وتنى، مسۆگه‌ر بکه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێ هه‌میشه به عه‌قل و بیرى کراوه کار بکه‌ن و به‌رده‌وام گۆڕانگارى بۆ باشتر و باشتر دروست بکه‌ن.
نموونه‌ى سه‌رکه‌وتووى هه‌ندێ له ده‌رچووانى زانکۆ و په‌یمانگاکان هه‌ن. کار و بزنسى خۆیان دامه‌زراندووه، ده‌رفه‌تى کاریان بۆ خه‌ڵکى دیکه‌ش دروست کردووه. ئه‌مه جێگه‌ى ئومێد و خۆشحاڵیى ئێمه‌یه. شانازى ده‌که‌ین که ده‌بینین گه‌نجانى ئێمه به خواست و ئیراده‌یه‌کى به‌رزه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن و له هه‌ر بوارێکى کار و خزمه‌تدا بێت، خۆیان ده‌سه‌لمێنن. هه‌ست به به‌رپرسیاریه‌تى و خاوه‌نداریه‌تى ده‌که‌ن.
ژیان هه‌میشه له پێشکه‌وتن و گۆڕاندایه. تا ژیان هه‌یه، پێویسته به‌رده‌وام فێر ببیت و له‌گه‌ڵ دوایین و تازه‌ترین پێشکه‌وتنه‌کانى سه‌رده‌مدا، ئهپدهت بکرێین. هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، وه‌ک پێویستییه‌کى زۆر گرنگ و له‌پێش، ده‌بێ له هه‌رێمى کوردستان هه‌میشه بایه‌خ و گرنگیى تایبه‌ت به کوالیتى و ئاستى زانست و نوێکردنه‌وه‌ى پرۆگرام و به‌رنامه‌ى خوێندن و فێرکردن بدرێت. ده‌بێ هه‌میشه له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنه‌کاندا بڕۆین، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین به کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى زیندوو بمێنینه‌وه و به کاروانى جیهانى پێشکه‌وتوو ڕابگه‌ین.